التصنيفات
مقالات

نووسەرێكی توركیا تراژیدیاكانی ناو جەزیرە دەگێڕێتەوە

نووسەرێكی توركیا تراژیدیاكانی ناو جەزیرە دەگێڕێتەوە

لەناو هەر خانوویەكی رووخاوی جەزیرەدا سەربازەكان جلی ژێرەوەی ئافرەتانیان نمایش كردووە
14136 جار بینراوە
1 ڕۆژ لەمەوبەر 

  |  ڕاپۆرت
  

“نورجان بایسال” رۆژنامەنووسی دیاری توركیا دوای ئەوەی شەڕ و ئاڵۆزی لە شارۆچکەی “جزیرە” نەما، سەردانی كردووە.
 لە وتارێكدا باس لە هەندێك تراژیدیا دەكات، كە لە كاتی خوێندنەوەیدا ئەستەمە فرمێسك بە چاوانتدا نەیەتە خوارەوە. ئەمەیش تەواوی وتارەكەیە كە وەكوو بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی وەرمگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی.
لەناو خانووە رووخاوەكانی جەزیرە دام، گەنجێكی خەڵكی جەزیرە دێتە لام و پێم دەڵێت “نورجان خان ئەوەی دیبێنیت لایەنێكی جەزیرەیە، بەڵام لە دەرەوەی ئێرە شتی زۆرتر دەبینێت، كە هەرگیز عەقڵ وەریناگرێت، وەرە بۆ ئەوێت ببەم.”

لە گرووپەكەمان جیابوومەوە و بە دوای گوتەی ئەو گەنجە كەوتم. منی بردە بینایەكی قاتی پێنجەم لە  گەڕەكی جودی لە جەزیرە. ئەو بینایە لە دەرەوە زۆر جوان خۆی نیشان دەدات، وەكوو بڵێی هیچ رووخانێكی پێوە دیار نەبێت. هەر كە لە دەرگەی سەرەكی دەچوویە ژوورەوە نووسرابوو (شەقامی توركان)، لە تەنیشت ئەو نووسینەیش نووسینێكی دیكە نووسراوە (یەكێك دەمرێت و ئەوی دی زیندوو دەبێتەوە).
چوونە ژوورەوە بۆ ئەو بینایە ئەوەندە ئاسان نییە، چونكە لە خواری بینایەكەدا ماركێتێكی لێیە كە هەموو كەلوپەلەكانی وەكو سەوزە و مریشك كەوتووەتە سەر شەقام و بۆنی پیسی گرتووە، سەیارەی شارەوانیش دەیەوێت ئەو پیساییە پاك بكاتەوە، بۆیە بەناو بۆنێكی یەكجار پیسدا دەتوانیت بچیتە ناو بینایەكە. لە بینایەكەدا هەر قاتێك 2 شووقەی تێدایە، بەڵام ناوی شووقەكان بووە بە خەرابات و وێران بووە، تەنانەت كاتێك بەسەر قادرمەكانیشدا تێدەپەڕیت، ئەستەمە لەبەر بۆن خۆت بگریت. ژوورەوە بە شێوەیەك خەراباتە كە بە چاوی خۆت بیبینیت دەڵێیت زۆر بە زەحمەت پاك دەكرێتەوە.
لەناو ئەو بینایەدا تەنیا من و ئەو گەنجە و لە دەرەوەیش شارەوانی خەریكی پاككردنەوەیە، هەروەها هەندێك لە هاووڵاتیش بە دیار ئەو گەڕەكە خەراباتەوە دانیشتوون. ئێمە دەچینە ناو یەكێك لە شووقەی ئەو بینایە.
لە ژووری نووستندا جلی ژێرەوی ئافرەت لەسەر زەوی كەوتووە، ئەو گەنجەی كە لەگەڵمدا بوو گوتی “سەربازەكان كاتێك چووبنە هەر ماڵێك لە جەزیرە سەرەتا جلی ژێرەوەی ئافرەتانیان هێناوەتە دەرەوە و نمایشیان كردووە” هەروەها وێنەی ئەو ئافرەتانەشیان لە تەك جلی ژێرەوەیدا داناوە وەكو گاڵتەپێكردن و سووكایەتییەك.
 هەروەها دەیان (كۆندۆمی) بەكار هێنراویان فڕێ داوەتە سەر زەوی، تەنانەت لە هەندێك شوقەدا كۆندۆمەكەیان فڕێ داوەتە سەر قورئانی پیرۆز، چونكە زۆرێك لە ماڵەكەنا قورئانی پیرۆزیان تێدایە.
لە ژوورەوە شووشەی ئاو دەبینیت و شووشەی مەی خواردن دەبینیت، كە ئەمەیش دەریدەخات ماوەیەكی زۆر ئەو شوقانەیان وەكو شوێنی سەرەكیی خۆیان بەكار هێناوە، زۆربەی دیوارەكانیشیان كون كردوە بۆ ئەوەی بتوانن شەڕی تێدا بكەن.
دەچین بۆ شوقەیەكی دیكەی هەمان بینا، لەناو ئەو شوقەیەدا دەرپێی سووری ئافرەتان دەبینیت، گەنجەكە پێم دەڵێت لە هەموو ماڵێكی جەزیرەدا جلی ژێرەوەی ئافرەتانیان فڕێ داوەتە دەرەوە و نمایشیان كردووە، بۆیە ئەو خەڵكەی گەڕاوەتەوە یەكەم كاریان كۆكردنەوەی جلی ژێرەوەی ئافرەتان بوە، چونكە بینینی ئەو هەموو جلی ژێرەوەیە وەكوو شەرم بوو بۆیان. بەڵام لە یەكێك لە شوقەكاندا لە كونی دەرگاوە بینیمان كە جلی ژێرەوەی ئافرەتان لەسەر زەوی كەوتبوو، بەڵام لەبەر ئەوەی دەرگا قفڵ درابوو، بۆیە نەمانتوانی بچینە ژوورەوە، بەڵام ئەو گەنجە پێی گوتم كە ئێرە شوێنی ئافرەتێكی بیانی بووە و هاتوە دیمەنی شوقەكەی بینیوە، ئیدی لە شەرمان قفڵی داوە تا كەس نەتوانێت بیبینێت، ماڵی خۆی گواستووەتەوە بۆ شوێنێكی دیكە.
لەسەر دیوارەكان زۆرترین نووسین كە نووسرابێت ئەوەیە “كچەكان ئێمە هاتین، بەڵام ئێوەی لێ نەبوون” لەسەر دەرگەی ماڵێكی دیكە نووسرابوو “خانووی كچە فستقەكە”. لەناو شوقەكەدا هەموو شتێك شكێنرابوو، بەڵام دەردەكەوێت كە ئەو كەلوپەلەی باشە و گران بەهایە تاڵان كراوە، تەنانەت دەخیلەی منداڵانیشیان شكاندوە و، پارەكەیان لێ دەرهێناوە.
ئەوێمان بەجێهێشت و چووین بۆ خانوەیەكی دیكەی جەزیرە، لەوێ ئەگەرچی توالێتی تێدایە و شوێنی دەستشۆرین بوونی هەیە، بەڵام لەناو شووشەدا میزیان كردوە و، بە دەیان شووشەیان لەناو ماڵەكەدا بەجێهێشتوە. كاتێك بیر لەو دیمەنەیش دەكەیتەوە، دەڵێیت تۆ بڵێی لێرە خەڵكێكیان ئەشكەنجە نەدابێت و میزیان دەرخواردنی نەدابێت.
لەناو خانووەكەدا تەلەڤزیۆنی تێدا نییە، بەڵام دڵنیام كە تەلەڤزیۆنەكەیان بە تاڵان بردووە، لەوێ دەیان سیدی كەووتوە كە شكاندوویانە و فڕێیان داوەتە سەر زەوی، لە تەنیشت ئەو سیدسانەشدا مكیاژی ئافرەتان كەوتووە. بەڵام نامەیەكیان بەجێهێشتوە و نووسیویانە:
بەروار 822016 سەعات 11:1 خولەك، ئێمە سەربازی جومهوریەتی توركیاین و جیهادچی هێزی موحەممەدین. رەهبەری ئێمە بۆ خەباتكردن دژی كافران هەمیشە قورئانی پیرۆز بووە. بەرپرسیاریەتی خۆمانمان لە ماڵەكەتاندا بەجێگەیاند، بەرگری لە خاكەكەمان دەكەین لە دژی كافراندا. وڵاتمان هەر خۆش بێت”.
ئەوەی من بینیم مەعیدەمی دووچاری هێڵنج هێنان كرد و ویستم بڕشێمەوە، بۆیە زوو چوومە بالكۆنی شوقەكە بۆ ئەوەی هەوایەك هەڵمژم، كە هاتمە دەرەوەیش هەموو جەزیرەم بینی و لەسەری سەربانێكدا ئاڵای توركیا هەڵكرابوو و سەدان قەوانی فیشەكیش بەسەر زەویدا كەوتبوو. لەوێ ئاوی خواردن نییە نان خواردن نییە، تەنیا شووشەی مەی و زبڵخانە دەبینیت. بە زۆر توانیم لە قادرمەی شوقەكە بیمە خوارەوە لەبەر بۆنی پیسی كەلوپەلەكان. ئەمە چی حاڵێكە بەسەریاندا هێنراوە، چی ئەخلاقێكە رێگەی بە خۆی داوە وا لەم ماڵانە بكات، چی ویژدانێكە.
جگە لەوەیش باس لە هەندێك چیرۆك دەكرێت لە ناو چەندین ماڵدا دەستدرێژی سێكسی كراوەتە سەر ئافرەتان، بەڵام چیرۆكەكان بۆ كاتێكی دیكە لێدەگەڕیین. ئەوەی من نووسیومە تەنیا لە بینایەكی جەزیرەیە، ئێمە ئەو شارۆچكەیە تەنیا لە دەرەوە دەبینین، بەڵام وەحشییەت و بەدڕەوشتییەكە لەناو ماڵە رووخاوەكان دایە.

فۆتۆ گەلەری

*As published in Basnews